هەرێم و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
پزیشکیان داوای یەکێتیی وڵاتانی ئیسلامی دەکات و هۆشداری دەداتە وڵاتانی دراوسێ
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران لە میانی وتارێکیدا لە ٤٠ەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی یەکێتیی ئیسلامی لە تاران، داوای لە وڵاتانی موسڵمان کرد کە سەرەڕای جیاوازییەکانیان یەکێتیی خۆیان بەهێزتر بکەن. ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە تەنها لە ڕێگەی هاوکاری و بەهێزکردنی پەیوەندییە جۆراوجۆرەکانی نێوان وڵاتانی ئیسلامییەوە بەدی دێت.
پزیشکیان هۆشدارییەکی ڕاستەوخۆی دایە وڵاتانی ناوچەکە و ڕایگەیاند کە هیچ وڵاتێکی موسڵمان نابیێت ئاسایشی خۆی لەسەر حیسابی بێئاسایشکردنی دراوسێكانی بونیاد بنێت. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە بە هیچ شێوەیەک نابیێت خاکی هیچ وڵاتێکی ئیسلامی بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتێکی دیکەی موسڵمان یان ئاسانکاری بۆ دەستدرێژییە دەرەکییەکان بەکاربهێنرێت.
سەرۆک کۆماری ئێران سەرکۆنەی دەستدرێژی و گوشارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی کرد و ڕایگەیاند کە ئێران لە هەڵوێستێکی لاوازدا نییە و باش دەزانێت چۆن بەرگری لە خۆی بکات. لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە یەکگرتوویی وڵاتانی ئیسلامی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی دەستوەردانی هێزە دەرەکییەکان و هێنانەدی سەقامگیرییەکی بەردەوام لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا [Middle East Eye](https://www.middleeasteye.net).